لەپاش زیڕژنی هەڵەبجە، لەکوێ مەلۆتکەی ژانگرتووم ژیرکەمەوە؟ دەڕۆم وەک داغستانییەک، سەر هەڵدەگرم، ئەو گۆلمێک گڵی وڵاتی بۆ سێبووری لەگەڵ خۆی برد، منیش سووتووی باخ و بێستانی هەڵەبجە.
ژنێک دەناسم لە نەسەبی شەهێنە بەرز نەبێت نافڕێت باڵای دەگاتە هەورەکان بەیانیان کوترە باریکە چاوی بۆ دەگێڕن! ئەو دەمێکە دەنکەگەنمەکانی راسپاردوون.
ژنێک دەناسم لە نەسەبی هەڵۆکانە لەبەرزی نەبێت ناخەوێت ئێواران بەدرەنگەوە کوکوختیەکان لە پەنا گوێی هەڵدەکوڕمێن، ئەو خۆی و تەسبیحێکی ملەوەن لە بەلەکۆنی ماڵەکەی دڵی مانگ دەداتەوە.
هەور بارانی لەبار خۆی برد کە تێگەیشت تۆ نابیتە (گوڵ) بۆ ئێخەی هیچ بیرەوەرییەک!